Mustafa Hamid
21/11/2022
"کاریگەری یارییە ئەلیکترۆنیەکان لەسەر گەشەی هزر و ڕەفتاری منداڵ"
مێژووی یارییە ئەلیکترۆنییەکان مێژوویەکی کۆنی نییە، بەڵکو مێژوویەکی نوێی هەیە، وە بێگومان بە هاتنی ئەم جۆرە یارییانە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ڕەفتار و گوفتاری منداڵ بەجۆرێکی بەرچاو درووست کردووە، هەندێجار ئەکرێت بڵێین: ئەم یاریانە بۆمەبەستی فێربوونی زمان و فێربوونی ژمارە و جیاوازییەکان بەکاردێت.
ئەوەی زۆر گرنگ بێت لێرەدا بەهۆی خراپ بەکارهێنان و زۆر بەکارهێنانی بەکاربەرە ئەلیکترۆنییەکان، بەجۆرێک ئالودەی کردوون، لە زۆربەی ڕەهەندەکانی ژیانی منداڵ و گەنجان و هەندێ جار گەورەکان کاریگەری نەرێنیان بەشێوەیەکی بەرچاو درووستکردووە.
ڕێکخراوی (WHO) لەساڵی ٢٠١٥ زیانەکانی ئەم یارییەی بەڕەسمی ناساند."
هۆکارەکانی ئالودەبوون بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان:
① نەبوونی هۆشیاری درووستی دایک و باوک.
② لاوازی و بۆشایی سۆزداری نێوان خودی منداڵ و دایک و باوک.
③ ئاسانی و سادەیی و زۆری ئەو ئامێرانەی کەئەم جۆرە یارییانەی پێ ئەنجام دەدرێت، وەک: (مۆبایل ـ تابلێت ـ ئایپاد ـ لاپتۆپ ـ کۆمپیوتەر).
④ بوونی چاولێکەری لەنێوان خودی دایک و باوک و منداڵ، بە منداڵانی هاوتەمەن و هاوڕێ و هاوسێ و خزم کەس و کاری.
⑤ بەهۆی زۆر جووڵەی منداڵ، دایک و باوک وەک چەکێک بۆ کپکردنەوە و لە جووڵەخستنی منداڵ، ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ناچاربکەن ئامێر و یارییە ئەلیکترۆنی یەکان بەکاربهنێنن.
کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان:
①گۆشەگیری و لاوازی یان نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی.
② تووڕەیی بەهۆی ئەوەی زۆرینەی یارییە ئەلیکترۆنی یەکان توندوتیژی تێدایە بۆیە ئەم حاڵەتە دەگوازرێتەوە بۆ بەکارهێنەر لەڕێگەی پرۆسەی کارلێک و کارتێکردنی لەڕووەکانی (کوشتن ـ ئازارـ دەنگی بەرز وناسرووشتی ـ جوێن ـ وێرانی ...)
③ پەک خستن وتەمبەڵ کردنی پروسەی خوێندن ،چونکە منداڵ هێندە چێژ لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەبینێت نیو هێندە حەزی بۆدەرس و کۆشش کردن نابێت .
④ نەخەوتن ،کاریگەری لەسەر هۆڕمۆنی دۆپامین دەبێت کە دۆپامین لە سێ بەشی یەکەمی شەو دەڕژێت ،کاریگەر دەبێت بۆگەشەی مێشک و جەستە.
⑤ تێکچوونی سیستەمی خواردن بەهۆی درەنگ خەوتنەوە منداڵ درەنگ دەخەوێت ،بۆیەک وەک قەرەبویەک بۆماوەی ئەو خەوە ،درەنگ بێدار دەبێت ،بەوهۆیە ژەمی خواردنی بەیانی کەژمێکی سەرەکی یە لەدەست دەچێت .
⑥ زیانی جەستەی (لاوازی چاو ـ ئازاری مل و خێرایی لێدانەکانی دڵ ).
⑦ خەمۆکی ،بەهۆی زۆر مانەوە و زۆر بەکارهێنانی ئەم یارییانە خەم و پەژارەیی و دڵەڕاوکێ و بێ تاقەتی و دڵ تەنگی ڕوودەکاتە منداڵ یان گەنجی بەکاربەر.
⑧ گەشەی مێشک لاوازدەکات ،لەبەرئەوەی گەشەی منداڵ بەخێرایی تێ دەپەڕێت ،بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت ،بەهیچ جۆرێک منداڵانی خوارتەمەنی ۲ساڵ نابێت بەهیچ جۆرێک سەیری هیچ جۆرە شاشەیەک بکەن .
⑨ گەشەی زمان دوا دەخات ،توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کەبەشێک لە دواکەوتنی زمان و قسەکردن هۆکارێکی سەرەکی یارییە ئەلیکترۆنی یەکانە .
⑩ باوەڕ بەخۆبوونی منداڵ لاواز دەکات و توانای پشت بەخۆبەستن کەم دەکاتەوە ،منداڵێکی شەرمن ولاواز دەرووست دەکات .
"چارەسەر چییە؟
1. سنوردارکردن و کۆنترۆڵکردنی ئای پی ماڵ یان مۆبایل.
2. چاودێری کردن و تابزانرێت منداڵ بەچ یارییەکەوە سەرقاڵە.
3. نەدانی هەل و چێژی ئەو یارییانە، سەرقاڵکردنیان بەشتی بەسودی دیکە.
4. پرسیاری لێ بکە لەناوەڕۆکی یارییەکە.
5. هەوڵ بدرێت یاری دەستی پێچەوانەی شاشەکان بکڕدرێت بۆیان.
6. هاندان و پاداشت لەبەرامبەر کردنی یاری تر، تا یارییە ئەلیکترۆنییەکان دوور بکەوێتەوە.
7. بەشداری پێ کردن بە کاری تر کە گونجاوبێت لەگەڵ تەمەنی و گەشتکردن و بردنیان بۆ شاری یاری و پارک و جێگا وەرزشییەکان.
8. بۆمنداڵ ڕوون بکرێتەوە کە ئینتەرنێت تەنها بۆ یاری کردن نییە، بەڵکو بۆگواستنەوەی زانیاری و ئاسانکردنی پەیوەندییەکانە.
9. فێربکرێت یاری دەبێت لەگەڵ منداڵ بگونجێت نەک مۆدە.
10. منداڵ نابێت حەزی لەهەرچی بوو ئێمەی دایک و باوک بۆیان جێبەجێ بکەین، بەڵکو فەلسەفەی ژیانی خێزان لە پەروەردەیە نەک تەنها بەخێوکردن.
11. پتەوکردنی و بەهێزی خۆشەویستی دایک و باوک.
12. ببە بە هاوڕێی منداڵەکەت، گرنگی و هاوبەشیان پێ بکەن، تا بۆشایی سۆزداریان بۆ درووست نەبێت لەو ڕێگایەوە وەک جیگرەوەیەک یارییە ئەلیکترۆنییەکان هەڵبژێرێت.
13.هانبدرێن لەگەڵ منداڵانی تر تێکەڵ بکرێن، تا بۆشایی حەز بۆ ئەو جۆرە یاریانە درووست نەبێت."
#دەروونزانی
#ئۆتیزم
Click here to claim your Sponsored Listing.
Category
Website
Address
Irbil