Rasti

Rasti

Share

31/05/2026

لە شارە گەورەکان بخوێنین یاخود بچووکەکان؟

سڵاو هاوڕێیان هیوادارم زۆر باش بن، پێم خۆش بوو ئەمجارەیان باسی بابەتێکی جیاواز و گرنگتان بۆبکەم، کە زۆرجار بیر لە خوێندنی دەرەوە دەکەینەوە، یەکسەر مێشکمان دەچێتە سەر ناوی وڵات و ڕانکی زانکۆکە. بەڵام خاڵێکی زۆر هەستیار هەیە کە زۆربەمان فەرامۆشی دەکەین، ئەویش بریتییە لە "ئەو شارەی لێی دەخوێنین."

باوەڕ بکەن، ئەو شارەی تێیدا دەژین کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گیرفانتان، ئارامیی دەروونتان و تەنانەت سەرکەوتنیشتان هەیە. با بە سادەیی باسی جیاوازیی نێوان شارە گەورەکان و شارۆچکە بچووکەکانتان بۆ بکەم:

شارە گەورە و پایتەختەکان:
با لە ناخۆشییەکەیەوە دەست پێبکەم، کرێی خانوو لێرە ئاگرە!دۆزینەوەی ژوورێکی بچووکیش قورسە و پارەیەکی زۆری دەوێت، تێچووی هاتووچۆ و بازاڕکردنیش گرانترە.

بەڵام خاڵە بەهێزەکەی ئەوەیە کە دۆزینەوەی ئیش زۆر ئاسانە. لە کۆمپانیاکان، چێشتخانە، یان مۆڵەکان یان هەر جێگایەکی دیکە زوو کار دەدۆزیتەوە، وە زۆرجار تەنها بە زمانی ئینگلیزیش ئیشت پێ دەکرێت و پێویستت بە زمانی ناوخۆیی نابێت. جگە لەوەش، ژیان لێرە هەمیشە جووڵەی تێدایە و هەرگیز بێزار نابیت.
خەڵکی نێودەوڵەتی زیاتری لێییە و ئامێرەکانی گواستنەوە وەک فڕۆکە و شەمەندەفەر و هێڵەکانی پاس بەبەردەوامی هەن.

شارۆچکە و شارە بچووکەکان:

لێرە هەناسەیەکی ئارام دەدەیت. کرێی خانوو زۆر گونجاوترە و بە ئاسانی بەشەناوخۆیی یان شوقە دەستدەکەوێت. لەبەر ئەوەی شارەکە بچووکە، زۆربەی شوێنەکان بە پێ یان پاسکیل دەبڕیت، واتە پارەی پاس و شەمەندەفەریش بۆ گیرفانت دەگەڕێتەوە.

بەڵام کێشەی ئەم شارانە ئەوەیە هەلی کار کەمترە. زۆرجار بۆ ئەوەی ئیشێک بدۆزیتەوە، دەبێت زمانی وڵاتەکە بزانیت (بۆ نموونە ئەڵمانی یان ئیتاڵی)، چونکە خەڵکەکەی کەمتر ئینگلیزی دەزانن.

لە ڕووی ژیانیشەوە، زۆر ئارام و بێدەنگە. کاتی تەواوت دەبێت بۆ سەعی کردن، وە خوێندکارەکان خێراتر دەبنە هاوڕێ چونکە هەموویان لە یەک بازنەی بچووکدا دەژین.

جا خۆم بکەم بە نموونە بۆتان ساڵی (٢٠٢٣) لە هەنگاریا وەرگیرام لە زانکۆی سێگێد لە شاری سێگێد شارێکی بچووک بوو، جا هەر سەرەتا بێزار بووم چوونکە شتەکان هەمووی دووبارە بوون و پڕۆگرامەکەی خوێندنیشم بەدڵ نەبوو، جار هەر نزیکی دوو مانگێک بەرگەم گرت لە و شارە و وازمهێنا و گەڕامەوە کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک، دواتر شارەکە و زانکۆکەم بۆ پایتەخت گۆڕی و ئەو کات زانیم ژیان و خوێندن یانی چی لە پایتەخت ههههه

جا پێش ئەوەی بڕیار بدەیت، بزانە ئامانجت چییە. ئەگەر دەتەوێت لەگەڵ خوێندنەکەت ئیش بکەیت بۆ ئەوەی خەرجییەکانی خۆت دەربهێنیت، وە حەزت لە ژیانێکی خێرایە، شارە گەورەکان هەڵبژێرە.

بەڵام ئەگەر بودجەیەکی دیاریکراوت هەیە، ناتەوێت فشاری کرێی خانووت لەسەر بێت، وە دەتەوێت بە ئارامی تەنها خەریکی خوێندن بیت، شارۆچکە بچووکەکان باشترین بژاردەن.

جا لە کۆتاییدا ئەم بابەتە و قسانەی من لەوانەیە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاواز بێت و بگۆڕێت بەڵام ئەوەی باسم کرد ڕای زۆرینەیە!

بەهیوای سوود!

بابەتی دواتر باسی چیتان بۆ بکەم؟!

#کوردستان #زانکۆ #ماستەر #بەکالۆریۆس #خوێندن #ئەوروپا #دکتۆرا

Photos from Rasti's post 29/05/2026

ئەمڕۆ لە ڤیستیڤاڵی چامپیۆنسلیگ لە کەش و هەوایەکی بێوێنەدا، شارەکە بە تەواوی پڕبووە لە هاندەرانی تۆپی پێ، ڕەنگ و جۆش و خرۆشی تۆپی پێ، وتم با هەندێ وێنە بگرم وەک هاندەرێکی پاریس سان جێرمان 😁

سبەی لە یاریگای مێژوویی و ناوازەی پۆشکاش ئارینا، کاتژمێە (٧) بە کاتی کوردستان لە شاری بودابێست یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە نێوان پاریس و ئارسیناڵ بەڕێوەدەچێت.

وەک هاندەرێکی سەرسەختی پاریس سان جێرمان، هیوادارم پاریسی پایتەخت جارێکی تر مێژوو بنووسێتەوە و بۆ جاری دووەم لە مێژوویاندا و لەسەر یەک نازناوی چامپیۆنسلیگ ببەنەوە بۆ پاریس و بیسەلمێنن کە پاشای بێڕکابەری ئەوروپان لە ئێستادا 🔴🔵

تۆ پێت وایە سبەی کێ براوە دەبێت؟!

⁠ #چامپیۆنسلیگ ⁠
#ئارسیناڵ #هەنگاریا

26/05/2026

جەژنی قوربانتان پیرۆز بێت✨

هیوادارم هەموو ڕۆژێکتان هەر جەژن و خۆشی بێت.

ببوورن نامەیەکی زۆر زۆرتان ناردووە بەهۆی سەرقاڵیم بە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵەوە کاتم نەبووە وەڵامیان بدەمەوە، سبەی و دووسبەی کە لای ئێوە جەژنە من تاقیکردنەوەم هەیە ئینشاڵا دوای ئەوە وەڵامی هەموو نامەکانتان دەدەمەوە، دوعام بۆ بکەن لە تاقیکردنەوەکانم دەربچم 😅

#جەژن #کوردستان

23/05/2026

جۆرەکانی خوێندن لە ئەوروپا چین؟! بە چەند جۆر دەتوانین بخوێنین؟ ئایا وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو جۆرانە قبووڵ دەکات؟!

سڵاو هاوڕێیان، هیوادارم زۆر باش بن، لە پۆستی پێشوودا باسم لە گرنگیی کرێدیتەکان (ECTS) کرد، بەڵام کێشەکە لێرەدا تەواو نابێت و ناوەستێت!

زۆر کات دەبینم خوێندکاران بە دڵخۆشییەوە دەڵێن: " ئۆفەری زانکۆیەکی ئەوروپیم بۆ وەرگرتووە بە نیوەی نرخ و بە شێوازی ئۆنلاین!"..

بەڵام با ڕاستییەکتان پێ بڵێم کە ڕەنگە زۆرینەی ئەو جێگایانەی ئیشتان بۆ دەکەن بە ئێوەی نەڵێن: ئەگەر جۆری خوێندنەکەت بە دروستی و بەپێی یاساکانی کوردستان هەڵنەبژێریت، بڕوانامەکەت دوای گەڕانەوەت تەنها بۆ هەڵواسینی سەر دیوار باش دەبێت!

با بە وردی سەیر بکەین و بزانین جۆرەکانی خوێندن لە ئەوروپا بۆ سەرجەم ئاستەکان (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا) کامانەن:

١. خوێندنی ناو کەمپەس (On-Campus / Traditional)
ئەمە شێوازە باو و هەرە سەلامەتەکەیە، واتە دەبێت بە جەستەیی لەناو پۆل و تاقیگەکانی زانکۆکە لە ئەوروپا ئامادە بیت.

ـ تایبەتمەندی: ڤیزای فەرمی خوێندن (Student Visa) و مافی کارکردنی کاتیت پێدەدرێت.

ـ هەڵوێستی وەزارەت: ئەمە تاکە جۆری ١٠٠٪ بەهێز و باوەڕپێکراوە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستانەوە، چونکە مەرجی مانەوە (Residency) لە وڵاتەکە بەتەواوی جێبەجێ دەکەیت.

٢. خوێندنی ئۆنلاین (Online / Distance Learning)
لەم جۆرەدا، تۆ لەناو ماڵی خۆتەوە لە کوردستان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەخوێنیت و پێویستت بە هیچ سەفەر و ڤیزایەک نییە، تەنها کۆمپیوتەر و مۆبایل یا ئایپادەکەت بەس دەبن بۆ خوێندن!

ـ بۆ کێ باشە؟ تێچووی زۆر کەمترە و تەنها بۆ کەرتی تایبەت، کۆمپانیاکان، یان بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی خۆت گونجاوە.

ـ ئاگادار بە: وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستان بە هیچ شێوەیەک دان بە بڕوانامەی تەواو ئۆنلایندا نانێت بۆ یەکسانکردنەوە. بۆیە کات و پارەی خۆت بە هیوای دامەزراندن یان نازناوی زانستی لە کەرتی حکومیدا بەم جۆرە بەفیڕۆ مەدە.

٣. خوێندنی تێکەڵاو (Hybrid / Blended Learning)
ئەمە مۆدێلێکی نوێی دوای کۆرۆنایە کە تێکەڵەیەکە لە ئۆنلاین و ئامادەبوونی جەستەیی. بۆ نموونە: ٧٠٪ی وانەکان لە وڵاتی خۆتەوە بە ئۆنلاین دەخوێنیت، بەڵام بۆ ماوەی ٢ یان ٣ مانگ دەبێت گەشت بکەیت بۆ ئەوروپا بۆ تاقیکردنەوەکان یان کارە پراکتیکییەکان.

ـ مەترسییەکەی لە کوێدایە؟
وەزارەت مەرجی توندی هەیە بۆ "ماوەی مانەوەی یاسایی" لە دەرەوەی وڵات. ئەگەر کۆی ڕۆژەکانی ئامادەبوونت لە کەمپەس کەمتر بێت لە یاسای وەزارەت، بڕوانامەکەت یەکسان ناکرێتەوە.

٤. کاتی تەواو (Full-Time) بەرامبەر نیوە (Part-Time)
ئەمەش خاڵێکە کە زۆر کەس تێکەڵی دەکات:

ـ (Full-Time:): خوێندنی فەرمی و چڕە. وەک خوێندکارێکی نێودەوڵەتی تەنها بەم جۆرە ڤیزات پێدەدرێت و لە کوردستان کێشەت بۆ دروست
نابێت.

ـ (Part-Time): خوێندنەکە درێژ دەکرێتەوە (بۆ نموونە ماستەری٢ ساڵە دەبێتە ٤ ساڵ) بۆ ئەوەی خوێندکارەکە کاتی ئیشکردنی هەبێت. ئەم جۆرە زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ناوخۆی ئەوروپایە، لەوانەیە کێشەی ڤیزات بۆ دروست بکات هەندێ کات، وەزارەتیش لەبەر درێژبوونی ماوەکە بەپێی ساڵنامەی خوێندن، لەوانەیە یەکسانی نەکاتەوە.

لە کۆتایدا پێمخۆشە بڵێم پێش ئەوەی تەمەن، پارە و ماندووبوونی خۆت بۆ ئۆفەرێکی زانکۆ تەرخان بکەیت، تەنها سەیری ناوی وڵات و ڕەنگاوڕەنگی سایتەکەی مەکە. لە خۆت بپرسە: ئامانجی من دوای خوێندنەکە چییە؟ گەڕانەوە بۆ کوردستان و کارکردن لە زانکۆکان، یان چوونە ناو بازاڕی کاری نێودەوڵەتی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، جۆری خوێندنەکەت بۆ دیاری دەکات.

ئەگەر ئەم زانیارییانەت پێشتر نەبیستووە، بۆ هاوڕێیەکت بنێرە کە پلانی خوێندنی هەیە تا لە سەرەتاوە هەنگاوی دروست بنێت.

حەز دەکەیت بابەتی دواترم باسی چی بکەم؟

#کوردستان #ماستەر #بەکالۆریۆس #دکتۆرا

22/05/2026

ئەوەیە باران ڤیدیۆکەی وەستاندم لە لەندەن 🇬🇧

قەت تووشی بارانی وا بوویت؟

تەواوی ڤیدیۆکەم لە یوتیوب پۆست کردووە:

https://youtu.be/I3qLmA89ic0?is=AUc5RZkaixvT6U7n

#لەندەن #بەریتانیا #کوردستان

20/05/2026

بڕوانامەی ماستەر لە ئەوروپا چەند جۆری هەیە؟ جۆرەکانی چین؟ کامانە لە وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستان باوەڕپێکراون؟ 🤔

پێم خۆش بوو بە پۆستێک بە وردی باسی ئەم بابەتەتان بۆ بکەم کە لای زۆرینەتان ڕوون نییە یاخود زانیاریتان لەسەر کۆی بابەتەکە نییە!

یەڵا با دەست پێ بکەین، لەوانەیە تۆ پڕۆگرامێکی ماستەر دۆزیبێتەوە و بەدڵت بێت لە یەکێک لە زانکۆ و وڵاتەکانی ئەوروپا، بەڵام پێت وایە تەنها وەرگرتنەکە گرنگە و ئیتر هەموو شتێک تەواوە؟ نا نەخێر بابەتەکە لەوە زۆر گرنگترە ئێوە بیری لێدەکەنەوە!

زۆرجار دەبینم و لێم دەپرسن: “من ماستەری یەک ساڵەم لە ئەوروپا تەواو کردووە، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆم یەکسان ناکات!”

یان:

"لە بەریتانیا ماستەرەکەم یەک ساڵە، ئایا کێشەم بۆ دروست دەبێت؟"

با ڕاستگۆیانە بڵێم زۆربەی جار، گەورەترین هەڵە ئەوەیە خوێندکار تەنها سەیری ناوی زانکۆ و وڵاتەکە دەکات، بەڵام گرنگترین خاڵ لێرەدا یەکەی خوێندن یان کرێدیت (ECTS)!

بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە لە ئەوروپا، ماستەر تەنها یەک جۆر نییە. کات و قووڵی بەرنامەکان بەپێی وڵات و زانکۆکان دەگۆڕێت. جا با یەک یەک باسیان بکەین:

ـ ماستەری ١٢٠ کرێدیت (ECTS)
ئەمە باوترین و سەلامەتترین جۆری ماستەرە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا (وەک ئەڵمانیا، سوید، ئیتاڵیا، هەنگاریا، پۆڵەندا، هتد). ئەمە دوو ساڵی تەواوە و کاتی تەواوت پێ دەدات بۆ توێژینەوە و نووسینی نامەی کۆتایی.

ـ ماستەری ٩٠ کرێدیت (ECTS)
لە زۆر وڵات ئەمە ساڵێک و نیوە. بەڵام لە بەریتانیا و ئیرلاندا چیرۆکەکە جیاوازە! لەوێ ماستەر تەنها یەک ساڵێکی زۆر چڕە بەبێ پشووی هاوین. ئەم یەک ساڵە چڕە، لە ڕووی زانستییەوە هەژمار دەکرێت بە ٩٠ کرێدیتی ئەوروپی (کە دەکاتە ١٨٠ کرێدیتی ناوخۆیی بەریتانیا).

ـ ماستەری ٦٠ کرێدیت (ECTS)
لە هەندێک وڵاتی وەک (هۆڵەندا، هەنگاریا و ئیسپانیا، هتد) ماستەری یەک ساڵە هەیە کە تەنها ٦٠ کرێدیتە. ئەمە زیاتر بۆ ئەوەیە بە خێرایی بڕوانامەیەک بەدەست بهێنیت و ڕاستەوخۆ بچیتە ناو بازاڕی کارەوە. واتە هەم کاتەکەی کەمە و هەم وانەکانیش کە دەیان خوێنیت! هەروەها دوای بۆ خوێندنی دکتۆراش قورسە و لەوانەیە کێشت بۆ دروست بکات و بە ئاسانی نەتوانیت بخوێنیت!

ـ ئەی یەکسانکردنی بڕوانامە لە کوردستان؟

لێرەدا بابەتەکەت لا گرنگتر و جدی تر دەبێت! چونکە بابەتەکە بەندە بەداهاتووتەوە، ئەگەر دەتەوێت دوای تەواوکردنی خوێندنەکەت بگەڕێیتەوە و بڕوانامەکەت لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان یەکسان بکەیت، ئەوا بەپێی ڕێنماییەکان:

ـ بڕوانامەی ماستەری ٦٠ کرێدیتی بە هیچ شێوەیەک کاری پێ ناکرێت و دانپێدانراو نییە!

ـ بۆیە ئەگەر دەتەوێت ڕەنجت بەخەسار نەچێت، دەبێت پڕۆگرامەکەت لانی کەم ٩٠ کرێدیت (ECTS) یان زیاتر بێت.

جا زۆر گرنگە کە پێش ئەوەی گرێبەست یان ئۆفەری هیچ زانکۆیەک قبوڵ بکەیت، دەبێت بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا بگەڕێیت:

ـ ئەم پڕۆگرامەی من دەمەوێت بیخوێنم چەند کرێدیتە (ECTS)؟
ـ ئایا دەیەوێت بڕوانامەکەت دواتر بۆ یەکسان بکرێتەوە؟
ـ دەتەوێت دکتۆرا بخوێنیت دواتر؟

نموونەیەکی ڕوون:
"من دەمەوێت لە هەنگاریا بخوێنم. زانکۆکە زۆر باشە، بەڵام کە سەیرم کرد پڕۆگرامەکە ٦٠ کرێدیتە، بۆیە ئۆفەرەکەم ڕەتکردەوە و گەڕام بەدوای پڕۆگرامێکی ماستەری ١٢٠ کرێدیتیدا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە وڵاتی خۆم کێشەی یەکسانکردنم بۆ دروست نەبێت."

با ئەمە بکەمە کۆتا قسەم، خوێندن لە دەرەوە وەبەرهێنانە لە کات و پارە و تەمەنی خۆتدا. با بەهۆی نەزانینی ژمارەیەکی بچووکەوە، خەونی چەند ساڵەت نەبێتە کێشەیەکی گەورە و پەشیمانی لە کاتی گەڕانەوەتدا.

بەڕایی من ئەگەر پلانی خوێندنی ماستەرت هەیە، پێش دڵخۆشبوون بە ناوەکان، بەڵگەنامە و وردەکارییەکانی زانکۆکە بخوێنەرەوە.

هیچ شتێک قورس نییە، ئەگەر بە زانیاری و پلانی دروست دەستی پێ بکەیت.

تۆ بیرت لە چ وڵاتێک کردووەتەوە بۆ ماستەرەکەت؟

#کوردستان #ماستەر #بەریتانیا #هۆڵەندا #سکۆلارشیپ #ڕاستی

سۆفیا پایتەختی بولگاریا 🇧🇬 | یەکەم گەشتم بۆ باڵکان و دیمەنێکی شۆکهێنەر! - My First Time in Sofia 🇧🇬 18/05/2026

🌍✈️ گەشتێکی نوێ بۆ سۆفیا، پایتەختی بولگاریا 🇧🇬

لەم ڤیدیۆیەدا، یەکەمین گەشتم بۆ ناوچەی باڵکان تۆمار کردووە. سۆفیا شارێکە لێوان لێو لە مێژوو، شوێنەواری سەرنجڕاکێش و دیمەنی ئەفسووناوی کە لە یەکەم نیگاوە سەرنجت ڕادەکێشێت.

ئەگەر خولیای گەشتکردن و ناسینی شارە نوێکانت هەیە، پێشنیار دەکەم ئەم ڤیدیۆیە لەدەست نەدەیت! 😊

🎥 لینکی ڤیدیۆ:

https://youtu.be/tqXUZghN8lE?is=MkmhHzP8IDmOu95p

ئەگەر ڤیدیۆکەتان بەدڵ بوو، لایک، شێر و سەبسکرایبی کەناڵەکەم لەبیر مەکەن بۆ بینینی گەشتی زیاتر.

#سۆفیا #بولگاریا #کوردستان

سۆفیا پایتەختی بولگاریا 🇧🇬 | یەکەم گەشتم بۆ باڵکان و دیمەنێکی شۆکهێنەر! - My First Time in Sofia 🇧🇬 لێرەوە هەموو زانیاریەکتان لە سەر پڕۆسەی خوێندن و ژیانکردن پێ دەڵێم لەسەرجەم وڵاتانی ئەوروپا..لە بیری مەکەن کەناڵەکەم سەبسکرایب بکەن و بینێرن بۆ هاوڕێکانتان.....

16/05/2026

تەمەنت ٣٠، ٤٠ یان ٥٠ ساڵە؟
پێت وایە شەمەندەفەری خوێندن لە ئەوروپا جێی هێشتوویت؟

زۆرجار نامەم بۆ دێت: من ٨ ساڵە پەیمانگام تەواو کردووە، دەتوانم بەکالۆریۆس بخوێنم؟

یان:
“تەمەنم ٣٥ ساڵە، ماستەر خوێندن بۆ من درەنگ نییە؟”

با ڕاستگۆیانە بڵێم:
زۆربەی جار، گەورەترین ڕێگر یاسای زانکۆکانی ئەوروپا نییە، بەڵکو ئەو بیرۆکە کۆنەیە کە پێمان دەڵێت:
تەمەنت ڕۆیشت، کاتی خوێندنت نەماوە!

بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە:
لە ئەوروپا، خوێندن تەنها بۆ تەمەنی ١٨ یان ٢٢ ساڵ نییە. زانکۆکان زۆرجار ئەزموونی کار، ئامانج و پلانی ڕوون بە خاڵی بەهێز دەزانن.

بۆ بەکالۆریۆس
ئەگەر پەیمانگات تەواو کردووە یان دەتەوێت لە سەرەتاوە بوارێکی نوێ بخوێنیت، هێشتا شانست هەیە. لە هەندێک وڵات، وانە یان ئەزموونی پێشووت دەتوانرێت هەژمار بکرێت و ماوەی خوێندن کەمتر ببێتەوە.

بۆ ماستەر
ئەگەر دوای بەکالۆریۆس چەند ساڵێک کارت کردووە، ئەمە خاڵی لاواز نییە. بە پێچەوانەوە، دەتوانێت پیشان بدات کە تۆ بازاڕی کارت بینیوە و دەزانیت بۆچی دەتەوێت بوارەکەت پێش بخەیت.

بۆ دکتۆرا
بۆ دکتۆرا، ئەزموون، پڕۆفایلی ئەکادیمی، توانای توێژینەوە و پلانی ڕوون زۆر گرنگن. لە زۆر وڵاتی ئەوروپا، دکتۆرا وەک کارێکی توێژینەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، نەک تەنها وەک خوێندن.

ئەی ڤیزا؟
ئەفسەری ڤیزا زیاتر سەرنج دەدات بەوەی:
بۆچی ئێستا دەتەوێت بخوێنیت؟
ئایا ئەم خوێندنە پەیوەندی بە پێشینە و ئامانجەکانتەوە هەیە؟
ئایا پلانت لۆژیکی و باوەڕپێکراوە؟

بۆیە ئەگەر Gap ـت (بۆشایی) هەیە، گرنگە بە بەڵگەنامە پیشانی بدەیت کە لەو ماوەیەدا سەرقاڵی کار، خول، زمان، کاری خۆبەخشی، یان پەرەپێدانی پیشەیی بوویت.

نهێنی سەرەکی: Motivation Letter نامەی هاندان دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بدات:
بۆچی ئەم بوارە؟
بۆچی ئەم وڵاتە؟
بۆچی ئێستا؟
ئەم خوێندنە چۆن دەتگەیەنێتە ئامانجەکەت؟

نمونەیەکی بەهێز:
“من ١٠ ساڵە وەک ژمێریار کار دەکەم. ئێستا دەمەوێت پێش بکەوم بۆ ئاستی بەڕێوەبردنی دارایی، بەڵام بۆ ئەو هەنگاوە پێویستم بە ماستەرێکی نێودەوڵەتییە. بۆیە ئەم خوێندنە بۆ من هەنگاوێکی لۆژیکییە، نەک بڕیارێکی لەناکاو.”

با ئەمە بکەمە کۆتا قسەم:
وشەی “درەنگە” با خەونەکانت نەوەستێنێت.
کات هەر تێدەپەڕێت، باشترە چەند ساڵی داهاتوو بە زانست، ئەزموون و بڕوانامەیەکی بەهێزتر ببینیت، نەک بە پەشیمانییەوە.

بەڕایی من ئەگەر پلانی خوێندنت هەیە، ئەوا دەست بکە بە ئامادەکردنی CV، بەڵگەکان و پلانی خوێندنت.

هیچ شتێک مەحاڵ نییە، ئەگەر بە پلانی دروست دەستی پێ بکەیت.

تۆ لە چ قۆناغێکدایت؟
بەکالۆریۆس، ماستەر یان دکتۆرا؟

#کوردستان #بەکالۆریۆس #ماستەر #دکتۆرا #ڤیزا #پەیمانگا

14/05/2026

خوێندن و کارکردن لە ئەوروپا 🇪🇺

زۆر کەس پرسیاری ئەم بابەتەیان دەکرد کەچۆن بتوانن پێکەوە بخوێنن و کار بکەن!

پێم خۆش بوو بە پۆستێک باسی ئەم بابەتە بکەم بۆ ئەو بەڕێزانەی کە بە مەبەستی بەدەستهێنانی زانست و بڕوانامەی بەرز ڕوو لە وڵاتانی ئەورووپا دەکەن، جا ئەوەی ڕاستی بێت دۆزینەوەی کارێکی گونجاو تەنها سەرچاوەی بژێوی ژیان نییە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لە کولتوور، فێربوونی زمان و دروستکردنی کەسایەتییەکی تایبەت و سەربەخۆی خۆت. بەڵام چۆن بتوانین لە نێوان خوێندنی زانکۆ و بازاڕی کاردا هاوسەنگی بپارێزین؟ واتە چۆن کاریگەری خراپیان نەبێت لەسەر یەک هەردوو لا؟!

جا با باسی گرنگیی کارکردن لە کاتی خوێندندا بکەین سەرەتا، کە ئەم سوودانەی هەیە:

• خۆبژێوی و سەربەخۆیی خۆت: یارمەتیدەرێکی باشە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە دارایییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی ماڵەوەتان و هەمیشە چاوەڕێی ئەوان نابیت پارەت بۆ بنێرن.

• فێربوون و بەرەوپێشچوونی زمان: ژینگەی کار، باشترین قوتابخانەیە بۆ ئەوەی زمانی ئەو وڵاتە بە جوانی فێرببیت، مەرج نییە زمانی وڵاتەکە بە تەنها لەواژەیە کەسی دیکە بناسی و زمانی ئەوانیش فێربیت، ئەوە باش بوونی زمانی ئینگلیزیت با بۆستێت لەلایەک.

• ئەزموونی پیشەیی: هەر کارێک کە دەیکەیت، جا هەر جۆرێک بێت، دەبێتە ئەزموونێکی نوێ و نایان لە ژیانت و بۆ داهاتووت.

ڕێگەکانی گەڕان بەدوای کاردا چیین؟

١. جیهانی سۆشیاڵ مێدیا و دیجیتاڵی:
پێویستە هەژمارێکی ڕێکخراوت لە LinkedIn هەبێت. هەروەها بەکارهێنانی ماڵپەڕە ناوخۆیییەکانی وەک Indeed یارمەتیدەرێکی سەرەکییە بۆ دۆزینەوەی کارێکی باش.

٢. ناوەندی کار و زانیاریی زانکۆکان:
زۆربەی زانکۆکانی ئەورووپا بەشێکی تایبەتیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی خوێندکاران. سەردانیان بکە و داوای لیستی ئەو کارانە بکە کە پێیان دەوترێت "Student Jobs"، چونکە ئەم کارانە ڕەچاوی کاتی تاقیکردنەوەکانت دەکەن.

٣. کارکردن لە ناوخۆی زانکۆ (یاریدەدەری توێژینەوە):
ئەمە باشترین هەلە، هەم لە ناو ژینگەی زانستیدا دەمێنیتەوە و هەم کاتی چوون و هاتنت بۆ دەگەڕێتەوە.

ئەی ناخۆشییەکان چیین؟!

جا خراپترین کات لێرەدا ئەوەیە کە ناتوانیت لە کاتی خوێندن و خوێندکاریدا کارێک لە بوارەکەی خۆت بدۆزیتەوە ئەویش لەبەر ئەوەی زمانی فەرمی وڵاتەکە نازانیت و زۆرینەی کارەکان بەو زمانە بەردەستن، یاخود کەسی بە ئەزموون تر و شایستەتر لە تۆ هەیە و هەلت کەمە، جا زۆر جار زۆرینەی خوێندکارانی نێودەوڵەتی ناچار دەبن ئیشەکانی وەک دلیڤەری خواردن و شتوومەک، شاگرد، قاپ شۆر و چەندین ئیشی دیکەی قورس و ئاڵۆز بکەن بۆ دەستکەوتنی پارە! جا ئەمە مانای ئەوە نییە ئیشێکی خراپ دەکەن یاخوود کەسانی زیرەک نین نەخێر وانییە و تەنها لە بوارەکەی ئەوان بەو جۆرەیە هەلەکان، کۆمەڵە بوارێکی وەک: بەشەکانی کۆمپیوتەر، بزنز بابەتەکانی دیکەی نزیک لەمانەوە هەلی کاریان زۆر باش و زیاترە.

چەند تێبینیەکی گرنگ بۆ سەرکەوتنت:

• یاساکان بەجوانی بخوێنە و بزانە: پێش دەستبەکاربوون، لە یاسای کار و مۆڵەتی خوێندنەکەت دڵنیا ببەوە. زۆربەی وڵاتان ڕێگە بە خوێندکار دەدەن هەفتانە تەنها چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو کار بکات، هەڵە نەبم (٤٠) کاتژمێرە.

• زمانی ناوخۆیی: هەرچەندە ئینگلیزی زمانێکی جیهانییە، بەڵام زانینی زمانی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژیت، چانسی دەستکەوتنی کارت چەند هێندە دەکات.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم ئیشکردن و خوێندن پێکەوە زۆر قورسن و خوا یارمەتی هەموو لایەکمان بدات!

گرنگترین خاڵ کە لەبیری مەکە خوێندنەکەت لە پێش هەموو شتێکەوەیە، ئاگاداربە! کارکردنی زۆر نەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی زانستیت. ئامانجی سەرەکی تۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەیە، نەک تەنها کۆکردنەوەی پارە و سەرقاڵی بوون بە کارێکەوە بە مووچەیەکی کەم، دواتر بڕوانامەکەت بە دەستهێنا و خوێندنت تەواو کرد لە بواەی خۆت کارێک بدۆزەوە بە مووچەیەکی زۆر شایستە و باشتر!

تۆ لە کام وڵاتی؟ ئایا تا ئێستا توانیوتە کارێکی گونجاو بدۆزیتەوە؟ ئەزموونی خۆتـمان بۆ بنووسە.

#خوێندن #ئەورووپا #کارکردن #خوێندکار #پێشەسازی #زانست #کوردستان

ڕۆژێکی مێژوویی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە یانەی ڕیاڵ مەدرید - Santiago bernabeu Tour 10/05/2026

دواجار ڤیدیۆکە ئامادە بوو! 😍

پێش یاری کلاسیکۆی ئەمڕۆ بینەری ئەم ڤیدیۆ بە 🇪🇸

گەشتێکی ٣٦ خولەکی لەناو دڵی مەدرید و یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە یانەی ڕیاڵ مەدرید!

لەم ڤیدیۆیەدا هەموو ئەو شوێنانەتان نیشان دەدەم کە هەمیشە لە شاشەکانەوە بینیوتانە. هەستێکی وەسف نەکراو بوو لەناو یاریگا و ماڵی باشترین یانەی مێژوو و ئەوروپا. 👑⚪️

لە ڕێگەی ئەم لینکەوە سەیری تەواوی ڤیدیۆکە بکەن:

https://youtu.be/Luqbyi7eqL4?is=oc2T_ZlAIucm5lKP

#مەدرید #ئیسپانیا #کوردستان #بێرنابیۆ

ڕۆژێکی مێژوویی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە یانەی ڕیاڵ مەدرید - Santiago bernabeu Tour لێرەوە هەموو زانیاریەکتان لە سەر پڕۆسەی خوێندن و ژیانکردن پێ دەڵێم لەسەرجەم وڵاتانی ئەوروپا..لە بیری مەکەن کەناڵەکەم سەبسکرایب بکەن و بینێرن بۆ هاوڕێکانتان.....

Website